|
كورد ژورنالیست
|
||
کوردژورنالیست:عه‌دنان حه‌سه‌نپور رۆژنامه‌وانی كورد كه هه‌واڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دانی دۆێنێ راگه‌یه‌ندرا برِیاره رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو له شاری سنه دادگایی بكرێته‌وه.
محه‌مه‌د ساڵح نیكبه‌خت رۆژی رابردو له وتووێژ له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ رایگه‌یاند كه برِیاریی له داردانی بریگرته‌كه‌ی له دادگای باڵای ئێران هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و هه‌فته‌ی داهاتوو دادگایی ده‌كرێته‌وه.
حه‌سه‌نپور كه نزیك به دوساڵه ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه مانگی گه‌ڵاوێژی ساڵی رابردو له لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای شۆرِشی مه‌ریوانه‌وه به تۆمه‌تی دژایه‌تیكردن له‌گه‌ڵ خودا برِیاری له‌داردانی به‌سه‌ردا سه‌پا.
ئه‌م برِیاره پاشان له لایه‌ن دادگای باڵای ئێرانه‌وه له پاییزی هه‌مان ساڵ ئه‌رێنی كرا.
پارێزه‌رانی عه‌دنان ئه‌م برِیاره‌یان به ناره‌وا و به پێچه‌وانه‌ی یاسای دادوه‌ری ئێران هه‌ژمار كرد و ناره‌زایه‌تی خۆیان ده‌ربرِی.
ساڵح نیكبه‌خت له وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌شی فارسی بی بی سی دا رایگه‌یاند كه داواكاری پارێزه‌ران له سه‌ردۆزگه‌ری گشتی و سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ری بۆ دوباره پێداچوونه‌وه به دۆسیه‌ی عه‌دنان حه‌سه‌نپور په‌سه‌ندكراوه و دۆسیه‌كه‌ی بۆ یه‌كێكیتر له لقه‌كانی دادگای شۆرِش له پارێزگای سنه راده‌ستكراوه.
نیكبه‌خت رایگه‌یاند: ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی دراونه‌ته پاڵ حه‌سه‌نپوور له‌گه‌ڵ تاوانی دژایه‌تی كردن له‌گه‌ڵ خودا یه‌كناگرنه‌وه."
وتیشی چوار دادوه‌ری پایه بڵندی دادگای باڵا هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رانی سه‌ردۆزگه‌ری، پێیان وایه كه تاوانی عه‌دنان دژایه‌تیكردن له‌گه‌ڵ خودا(موحاریب) نیه و 10 كه‌سیتر دوباره پێداچونه‌وه‌یان به‌م دۆسیه‌دا به ره‌وا زانیووه.
برِیاری له سێداره‌دانی ئه‌م رۆژنامه‌وانه كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی برِیاری له‌داردانی هیوا بوتیمار چالاكێكی تری كورد، نیگه‌رانی و ناره‌زایه‌تیكی زۆری له ئاستی جیهانیدا به‌دواوه بوو و كۆمه‌ڵێكی زۆر كه‌سایه‌تی و رێكخراوی جیهانی ئه‌م برِیاره‌یان شه‌رمه‌زار كرد و داوای ئازادكردنی بێ مه‌رجی ناوبراویان كرد.
به ووته‌ی بنه‌ماڵه‌ی عه‌دنان، ناوبراو كه له حاڵی حازردا له زیندانی ناوه‌ندیی شاری سنه ده‌ستبه‌سه‌ره، له چاوپێكه‌وتن له‌گه ڵ بنه ماله‌كه‌یدا هه‌واڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی برِیاری له سێداره‌دانی خۆی پێگه‌شتووه.
پێشتر راگه‌یه‌ندرابوو كه ئه‌م رۆژنامه‌وانه كورده به هۆی به‌ربه‌سته‌كانی ناو زیندان و ده‌ستپێرِانه‌گه‌یشتنی به ئیمكاناته سه‌ره‌تایه‌كانی زیندان به پێی یاسای گرتوخانه‌كان له‌وانه پێوه‌ندیگرتنی ته‌له‌فونی به ماڵباته‌كه‌یه‌وه له‌ژێر گوشاری رۆحیدایه.
ناوبراو هه‌روه‌ها ساڵی رابردو بۆ ناره‌زایه‌تی ده‌ربرِین له‌دژی برِیاری له‌سێداره‌دان و هه‌روه‌ها له‌دژی هه‌ڵسوكه‌وتی نایاسایی و هه‌لومه‌رجی ناله‌باری زیندان زیاتر له 50 رۆژ مانی له خواردن گرت.
ئه‌م رۆژنامه‌وان كورده كه ئه‌ندامه‌ی ده‌سته‌ی نوسه‌رانی هه‌فته نامه‌ی راگیراوی " ئاسۆ" له پارێزگای كوردستان بوو له‌گه‌ڵ هه‌ژمارێك له گۆڤار و بڵاوكراوه كوردی و فارسیه‌كان له كوردستان و ئێران هاوكاری ده‌كرد و یه‌ك له چالاكانی فه‌رهه‌نگی ئه‌و پارێزگایه بوو.
له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردودا سێ خه‌ڵاتی جیهانی وه‌ك خه‌ڵاتی ئازادی چاپه‌مه‌نی ئیتالیا تایبه‌ت به هه‌واڵنێرانی بیانی، خه‌ڵاتی هه‌واڵنێرانی بێ سنوور لقی سوید و خه‌ڵاتی رێكخراوی قه‌ڵه‌می هه‌رێمی باسك له ئیسپانیا به عه‌دنان حه‌سه‌نپوور به بێ ئاماده بوونی خۆی به‌خشراوه.
|
|